پرۆگرامی لانەی کاری ئۆرەنج کۆرنەرس

داواکاری پێشکەش بکە بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرامی لانەی کاری ئۆرەنج کۆرنەرس: پاڵپشتیکردنی کارسازان لە هەرێمی کوردستانی عێراق!

دەربارەی پرۆگرام: لانەی كاری ئۆرەنج كۆرنەرس

لانەی كاری ئۆرەنج كۆرنەرس، کە لەلایەن فایڤ وەن لابسەوە جێبەجێ دەكرێت پرۆگرامێكە كە بۆ ماوەی چوار مانگ ڕاهێنان بە كارسازان دەكات بۆ دەستپێكردن یان پەرەدان بە بیرۆكە و كارە دەستپێشخەرییەكانیان. پرۆسەی فێربوون لە ڕێگەی ڕاهێنان و مەشقی كرداری و جێبەجێكردنی بنەماكانی بزنس و كارگێڕییە لەسەر دەستپێشخەرییەكان، هەروەها لە ڕێگەی ڕاوێژە لەگەڵ كەسانی شارەزا، و دەستگەیشتن بە پاڵپشتی دارایی، و هەبوونی سەرپەرشت بە درێژایی كاتی پرۆگرامەكەدا. ئەم پرۆگرامە كارسازان ئاشنا دەكات بەو كارامەیی و ئامرازانەی پێویستییانە بۆ بنیاتنانی دەستپێشخەری و پڕۆژەکانیان بە شێوازێكی بەردەوام و كاریگەر

لانەی كار بە پەیڕەوێکی ڕێكخراو دەكات كە بە شێوازێك دیزاین كراوە كارساز بە سێ لایەنی سەرەكی كارسازی ئاشنا بكات: دیزاینكردن، بنیاتنان، و سەركردایەتیكردن. ئەم سێ لایەنە بە شێوازێك تێكهەڵكێش كراوە كە یارمەتیدەری بەشداربووان بدات لە بەدەستهێنانی كارامەییە تەكنیكییەكان و بنیاتنانی سەركردایەتییان بۆ دەستپێكردنی كار و دەستپێشخەرییەكانیان.

پێداویستیەكانی پێشكەشكردن

زمان: پرۆگرامەكە بە زمانی كوردی ناوەندی (سۆرانی) بەڕێوە دەچێت، بۆیە پێویستە تێگەیشتنێكی باشت هەبێت لە زمانەكە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری بكەیت.

قۆناغی دەستپێكردن: ئەم پرۆگرامە پشتگیری لەو كارسازانە دەكات كە خاوەنی بیرۆكەی دەستپێشخەری خۆیانن و حەز و ئارەزوویەكی ڕژدیان هەیە بۆ دەستپێكردنی كارەكانیان، یان ئەو كارسازانەی كە كار و بازرگانییەكانیان لە قۆناغێكی سەرەتاییدایە: واتە بەم دواییانە دەستیان پێكردووە یان بۆ ماوەیەكی كورتە  كاردەكەن.

پابەندبوون: ئەم پرۆگرامە تەنها بۆ كارساز و هاودامەزرێنەرانە، پابەندبوون بە هەموو ڕاهێنانەكان و ئەركەكانی پرۆگرام مەرجە بۆ بەشداربوون. ئێمە بەدوای ئەو كارسازانەدا دەگەڕێین كە بتوانن كات و وزەی خۆیان تەرخان بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەموو چالاكییەكانی پرۆگرامەكە. پێویستە كارساز قبووڵی پێشنیار و بیرۆكەی نوێ بكات، و ئامادەبێت ئەوەی فێری دەبێت لەسەر كار و دەستپێشخەرییەكەی خۆی جێبەجێی بكات.

پڕكردنەوەی فۆرمی بەشداربوون: ئەگەر ئەم مەرجانەی سەرەوە هەمووی بەردەست بوون، كارساز دەتوانێت فۆرمی پێشكەشكردن پڕبكاتەوە بۆ پێشكەشكردنی داواكاری بەشداربوون لە پرۆگرامی لانەی كاری ئۆرەنج كۆرنەرس.

سوودە سەرەكییەكانی پرۆگرامی لانەی كار

ڕاهێنان و مەشقی كرداری -

ڕاوێژكاریی كەسیی و هەبوونی سەرپەرشت -

ناسین و ئاشنابوون بە پسپۆڕانی كارسازی -

دەستگەیشتن بە پاڵپشتی دارایی -

بەشداربوون لە كۆمەڵگەیەكی  گشتگیر لە كارسازان -

پێوەرەكانی هەڵبژاردن

ئێمە بە وردی پێداچوونەوە بۆ داواكارییەكان دەكەین بۆ دیاریكردنی ئەو كاندیدانەی كە ئەم پێوەرانەی خوارەوەیان تێدایە

داهێنان: پێویستە دەستپێشخەرییەکەت بەرهەمێك یان خزمەتگوزارییەكی نوێ بخاتە بازاڕەوە، كێشەیەك بە شێوەیەكی نوێ چارەسەر بكات، یان بۆشایییەك لە بازاڕدا پڕبکاتەوە بە ڕێگەیەكی ناوازە کە پێشتر نەکرابێت

گرنگیدان بە ژینگەپارێزی، ڕیسایکڵکردن یان بەردەوامیی (ئیختیاری): هەرچەندە ئەم پێوەرە مەرجێکی سەرەکی نییە، بەڵام ئێمە گرنگییەکی زۆر بەو كۆمپانیا و دەستپێشخەرییانە دەدەین كە پراكتیزەی بەهاکانی بەردەوامیی دەکەن، یان لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەكگرتووەكان دەگونجێن. ئەگەر دەستپێشخەرییەکەت هەوڵدەدات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە ژینگەییەكان یان بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری ئەرێنی بەردەوام، ئەوە خاڵێکی بەهێز دەبێت بۆ بەشداربوونت

تێگەیشتن لە بازاڕ و كڕیار: نیشانمان بدە كە تۆ بە باشی لە بازاڕ و كڕیارەكانت تێدەگەیت. پێشینە بۆ ئەو دەستپێشخەرییانەیە كە دیدێكی ڕوونیان هەیە بۆ ئەو كێشەیەی كە چارەسەری دەكەن.

پێشینەی خۆت وەك خاوەنكارێك: لێهاتوویی و ئەزموون و كراوەیی تۆ بەرامبەر وەرگرتنی بیرۆکەی نوێ گرنگە. ئێمە دەمانەوێت کارسازان شارەزا بن لە بوارەكەیەندا یان ئامادەبن بۆ فێربوونی خێرا و خۆگونجاندن

هەمەچەشنی: بەپێی پێویست هەوڵدەدەین کە بەشداربووان لە کۆمەڵگا و رەگەز و ئەزموونی جیاواز بن تاکو پرۆگرامەکانمان هەمەچەشن و گشتگیر بن

پرۆسەی پێشکەشکردن

قۆناغی یەكەم: پێشکەشکردنی داواکاری، پێداچوونەوە و هەڵبژاردن

هەنگاوی یەكەم: پێداویستییەکانی پێشکەشکردن و پێوەرەکانی هەڵبژاردن بخوێنەرەوە تا باشتر لە مەرجەکان تێبگەیت  و دڵنیابیت لەوەی كە زۆربەیت بەدیهێناوە.

هەنگاوی دووەم: فۆرمی پێشکەشکردن پڕبكەرەوە و داواکارییەکەت بنێرە.

هەنگاوی سێیەم: لە ماوەی ٢ مانگدا پێداچوونەوە بۆ گشت داواكارییەكان دەكرێت.

هەموو كاندیدەكان (ئەگەر هەڵبژێردرابوون یان نا) لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە لە ئەنجامەكان ئاگادار دەكرێنەوە.

قۆناغی دووەم: پرۆگرامی ئیگنایت (پێش لانەی کار)

کۆمەڵێکی هەڵبژێردراو لە کاندیدەکان بەشداری لە پرۆگرامێك دەکەن پێش چوونە ناو لانەی کار بە ناوی ئیگنایت کە ٨ ڕاهێنان لەخۆ دەگرێت لە ماوەی ٢ هەفتەدا، ئامانج لێی تاقیکردنەوەی گونجاوی بیرۆکەکانە بۆ بازاڕ.

ئەو كاندیدانەی كە توانا و گونجاوی كارەكانیان دەسەلمێنن لە پرۆگرامی ئیگنایت، بانگهێشت دەكرێن بۆ پرۆگرامی لانەی کاری ئۆرەنج کۆرنەرس بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

پشتگیری پرۆگرام

بۆ هەر پرسیارێك، پەیوەندیمان پێوە بكەن لە ڕێگەی ئیمەیڵی: erbil@orangecorners.com